ڕاگه‌یندراو؛ به بۆنه‌ی بیست و پێنجه‌مین ساڵرۆژی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه،


کونفرانسی مافی مرۆڤ

٢٥ ساڵ پێش ئێستا، له ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٨٨، له درێژه‌ی شاڵاوی به ناو ئه‌نفال بۆ جینوسایدی گه‌لی کورد له لایه‌ن ڕژیمی دیکتاتۆری عێراقه‌وه، شاری حه‌ڵه‌بجه که که‌وتبووه ده‌ستی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی باشوور‌و سوپای ئێرانه‌وه، له لایه‌ن هێزه‌کانی عێراقه‌وه به شێوه‌یه‌کی دڕندانه و نامرۆڤانه په‌لامار درا و به چه‌کی ‌قه‌ده‌غه کراوی شیمیایی بوردومان کرا.
له‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه‌دا که ده‌کرێ به دووهه‌مین کاره‌ساتی مرۆیی دوای بوردومانی هیرۆشیما و ناکازاکی ناو ببردرێ نیزیک به ٥٠٠٠ که‌س، به ژن و منداڵ و پیر و لاوه‌وه گیانیان له ده‌ست دا و ژماره‌یه‌کی زۆریش له ئاستی جۆراوجۆردا که‌وتنه به‌ر کاریگه‌ری ئه‌و که‌ره‌سته شیمیایه به‌کار هاتووانه له بوردومانه‌که‌دا که به‌شێکی زۆری ئه‌و به‌رکه‌وتووانه هه‌تاکو ئێتساش ئازاری ئه‌و تاوانه ده‌کێشن که دژ به‌وان و هه‌موو خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و کوردستان ئه‌نجام درا.

له یادی ٢٥ ساڵه‌ی ئه‌و کاره‌ساته مه‌زنه‌دا پێش هه‌موو شتێک داوای به هانا چوونی زیاتری به‌رکه‌وتوان و زامدارانی بوردومانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه ده‌‌که‌ین و داوا له حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان ده‌که‌ین گرینگی تایبه‌ت به زیانلێکه‌وتوانی حه‌له‌بجه بده‌ن و هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی به کار هاتنی ماده شیمیاییه‌کان له ناوچه‌که‌دا بده‌ن. هه‌ر وه‌ها به هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵی به نێۆ نه‌ته‌وه‌یی کردنی ئه‌و کاره‌ساته بده‌ین تا هه‌م ڕێزی ئه‌و قۆربانیانه‌مان گرتبێ و هه‌م پێش به دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆره تاوانێکی له‌و جۆره بگیردرێ. هه‌ر وه‌ها پێویسته ئه‌و کومپانیا و وڵاتانه که به شێوه‌یه‌ک(ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ) ده‌ستیان له‌و تاوانه‌دا هه‌بووه بهێنرێنه به‌ر ده‌م دادگا و سزابدرێن تا ڕێگا له بڵاۆ بوونه‌وه هه‌ر جۆره چه‌کێکی کۆکۆژ بگیردرێ.

ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
١٦/٠٣/٢٠١٣
ژنێڤ

 






                                         © Copyright 2012, Zagros Human Rights Center