بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ''مافی چاره‌ی خۆ نووسین و ئۆتۆنۆمی '' له‌ شۆرای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ژنێڤ!


ڕۆژی هەینی ١٠ی مارس (ئازار)ی ٢٠١٧، هاوكات له‌ گه‌ڵ ٣٤هەمین خۆلی كۆبوونه‌وه‌كانی شۆرای مافه‌كانی مرۆڤ، كونفرانسێك له‌ ژێر ناوی ''مافی چاره‌ی خۆ نووسین و ئۆتۆنۆمی''، به‌ به‌شداری پسپۆڕان، نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندامی شۆرا و ڕێكخراوه‌ نێۆ نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌كانی پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ، لە بنکەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ به‌ڕێوه‌ چوو.
ئەو كۆنفرانسه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند ڕێكخراوێكی نێۆنه‌ته‌وه‌یی خاوه‌نی پله‌ی ڕاوێژكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ هاوكاری ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕێكخرابوو، و تەرخان کرابوو بە گەلانی سه‌حرای ڕۆژئاوا، تامیل، كورد و عه‌ره‌بی ئه‌لئه‌هوازیه‌ و باشووری یەمەن.
ئه‌و كۆنفرانسه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ پێشوازی لێ كرا، لایه‌نه‌‌ یاسایی و نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ده‌ست هێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و هه‌ڵوێستی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌دا خسته‌ به‌ر باس.
لەو کۆنفرانسەکەدا به‌ڕێز بابان ئه‌لیاسی کە لە لایەن ناوەندی زاگرۆسەوە بەشدار بوو، وێڕای ڕوونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كورده‌كان له‌ هه‌ر كام له‌ وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریه‌ و توركیه‌، داوای سەرنجی زیاتری کۆمەڵگای نێۆنەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆزی کورد کرد. ناوبرا لە قسەکانیدا داخوازی گەلی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستانی خستە ڕوو و ئاماژه‌ی به‌ هۆكاره‌كانی سه‌پاندنی خه‌باتی چه‌كداری له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌ ناوه‌ندیه‌كانه‌وه‌ به‌ سه‌ر كورده‌كاندا كرد و ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ پشتگۆێ خرانی ویسته‌ مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندی ئێرانه‌وه‌. ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا داوای سه‌رنجی زیاتری كۆمه‌ڵگای نێۆنه‌ته‌وه‌یی بۆ كێشه‌ی كورده‌كان و مافی دیاریكردنی چاره‌نووسیانی كرد.

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
١٠/٠٣/٢٠١٧


کونفرانس مافی چارەنووس و ئۆتۆنۆمی

کونفرانسی مافی چارەنووس و ئۆتۆنۆمی

کونفرانسی مافی چارەنوو و ئۆتۆنۆمی
 






                                         © Copyright 2012, Zagros Human Rights Center