٣ ئاڤریلی ۲۰۲۵ – ژنێڤ
شۆرای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسند کرد کە ئەرکی ڕاپۆرتەری تایبەت بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها دەستەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژ دەکاتەوە.
ئەم بڕیارنامەیە بە ۲۰ دەنگی “ئەرێ”، ٨ دەنگی “نەخێر “و ١٥ دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
بڕیارنامەی A/HRC/58/L.20 کە لەلایەن وڵاتانانی وەک ئەلبانیا، ئەڵمانیا، ئاندۆرا، ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، کەنەدا، فەڕەنسا و ئینگلتەرا پشتگیری دەکرا، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە “پێشێلکردنی بەربڵاو، دووبارە و بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ” لە ئێران و داوای کۆتایی هێنان بەوەی کە پێی دەڵێن “پێشێلکردنی سیستەماتیک” کردووە.
لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها هۆشداری دراوە سەبارەت بە “زیادبوونی بەربڵاو و بەردەوامی ژمارەی لەسێدارەدراوان” لە ئێران و داوا لە حکومەتی ئێران کراوە کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر تاکو هیچ کەسێک بۆ تاوانگەلێک کە لە ڕیزی “قورسترین تاوانەکان” نین یان بۆ تاوانە بانگەشە بۆکراوەکان پێش تەمەنی ۱۸ ساڵی هیچ کەس لە سێدارە نەدرێت.
شۆرای مافەکانی مرۆڤ لەم بڕیارنامەیەدا پێشوازی لە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای پشتگیریکردن لە خێزان لە ڕێگەی پەرەپێدانی کەلتووری پاکژی و حیجاب کردووە و داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە کە ئەم یاسایە و هەموو یاسا و سیاسەتە هاوشێوە جیاکاریکارەکان بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.
بەپێی ئەم بڕیارنامەیە، ڕاپۆرتەری تایبەت دەبێت لە چاودێری کردنی گۆڕانکارییەکانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووریەکان لە ئێران بەردەوام بێت و ڕاپۆرتێک لە دانیشتنی شەست و یەکەم، بە ئەنجوومەن و هەروەها لە دانیشتنی هەشتاەمین بۆ کۆمەڵەی گشتی پێشکەش بکات.
هەروەها دەستەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە دوای ناڕەزایەتییەکانی سێپتەمبەری ۲۰۲۲ پێکهێنرا، ئەرکیەتی لە لێکۆڵینەوەی گشتگیر و سەربەخۆ لەسەر بانگەشەکانی پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام بێت و بەڵگەکانی پەیوەندیدار کۆبکاتەوە، شیکارییان بۆ بکات و بیانپارێزێت.
بڕیارنامەکە داوا لە حکومەتی ئێران دەکات کە بە تەواوی هاوکاری لەگەڵ ڕاپۆرتەری تایبەت و دەستەی ڕدۆزینەوەی ڕاستییەکاندا بکات و دەستگەیشتنی بێ ڕێگری بۆ ناو وڵات پێیان ببەخشێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەقی بڕیارنامەکەدا هاتووە سەرەڕای هاوکاری نێوان حکومەتی ئێران و ڕاپۆرتەری تایبەت، هێشتا بە ڕاپۆرتەری تایبەت و دەستەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕێگە نەدراوە بچنە ناو وڵات.
لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها پێشوازی لە هاوکاری دوایی حکومەتی ئێران لەگەڵ نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، لەوانەش سەردانی جێگری کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ بۆ ئێران لە فێڤرییەی ۲۰۲۴.
لە کۆتاییدا، بڕیارنامەکە داوای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە سەرچاوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ڕاپۆرتەری تایبەت و دەستەی ڕاستی دۆزی دابین بکات.
