بەشداری ناوەندی زاگرۆس لە حەوتەمین کۆنفرانسی نێۆ نەتەوەیی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەڕ خەڵکە خۆجێیەکان

له‌ سه‌ر بانگه‌وازی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی میکانیزمی شاره‌زایانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافەکانی تایبه‌ت به‌ خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان ده‌سته‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تی له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی زاگرۆسه‌وه‌ به‌شداری حه‌وته‌مین کۆنفرانسی جیهانی میكانیزمی شاره‌زایانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو.
ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ له‌ ٧ تا ١١ی مانگی ٧ی ٢٠١٤ له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری ژنێڤ به‌ڕێوه‌ چوون. ئەندامان و بەشداربووانی میکانیزمی شارەزایان بریتی بوون لە نوێنه‌رانی ٤٧ وڵاتی ئه‌ندامی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یكگرتووه‌كان، نوێنه‌رایه‌تی ڕێكخراوه‌كانی ئه‌ندامی شۆرا و ڕێکخراوەکانی چالاك له‌ بۆاری مافەکانی مرۆڤ و كه‌مایه‌تیه‌كان دا، شاره‌زایان له‌ بۆاره‌ جۆر به‌جۆره‌كانی مافی مرۆڤ و به‌ تایبه‌ت شاره‌زایانی مافی كه‌مایه‌تیه‌ خۆجێیه‌كان و ماموستایانی زانكۆ.
له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌ چوونی كۆبوونه‌وه‌كاندا ژماره‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌، بابه‌ت و پێشنیارنامە له‌ سه‌ر مافه‌كانی خه‌ڵكه‌ خۆجیه‌كان پێشكه‌ش كران و نوێنه‌رانی كه‌مایه‌تیه‌كان بابه‌تی خۆیان له‌ سه‌ر دوایین بار و دۆخی خه‌ڵكی خۆیان پێشكه‌ش كرد و داوایان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ هه‌ڵویستی سوورتری هه‌بێ له‌ بەرامبەر پێشێلكرانی مافه‌كانی خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان و گۆشار بخرێته‌ سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندام تا جۆرێك ئۆتۆنومیان بۆ له‌ به‌ر چاو بگرن.
هاو كات له‌ گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ سه‌ره‌كیه‌كان هێنندێك پانێل و كۆبوونه‌وه‌ی تایبەت به‌ڕێوه‌ چوون و نوێنه‌رایه‌تیمان توانیان چالاكانه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان بن و له‌ گه‌ڵ به‌شداربوواندا ئاڵ و گۆڕی ڕا و بۆچوونیان كرد.
پێویسته‌ بگوترێ ناوه‌ندی زاگرۆس یه‌كه‌م ڕێكخراوه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی كورد و كه‌مایه‌تیه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكا له‌ ئاوا میکانیزمێکی جیهانی دا.
میكانیزمی شاره‌زایان بۆ مافه‌كانی خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان له‌ ساڵی ٢٠٠٧ دا و له‌ سه‌ر بڕیاری شۆرای مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و باس له‌ سه‌ر بارو دۆخی خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان و دانانی میكانیزم و پڕۆژه‌ی پێویست بۆ پاراستنی مافه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دامه‌زراوه‌ و هه‌موو ساڵێك له‌ ژنێڤ كۆ ده‌بێته‌وه‌.
له‌ كۆتایی حه‌وته‌مین خۆلی كۆبوونه‌وه‌كاندا پێش نووسی پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌ و پێشكه‌شی سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرێ تا بكه‌وێته‌ باری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌وه‌. به‌ پێ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌نگی خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان زیاتر ده‌بیسترێ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتان زیاتر هان ئه‌دات و به‌رپرسیاریان ده‌كا له‌ به‌رامبه‌ر مافه‌كانی خه‌ڵكه‌ خۆجێیه‌كان.
 
خاڵ و پێشنیارە سەرەکیەکانی نێۆ پێشنووسی پڕۆژەکە بریتین لە:
 
پێشنیاری ١: لێکۆڵینەوە لە مەڕ مافی کۆلتووری بۆماوەیی وەکو وەرزش و یارییە باوەکان (سوننەتیەکان)
 
پێشنیار دەکەین بە شۆرای مافەکانی مرۆڤ کە ڕێگا بدات بە میکانیزمی شارەزایان بۆ وەئەستۆ گرتنی ڵیکۆڵینەوەیەک لە بارەی پێشخستن و پاراستنی مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان، بە چڕ کردنەوەی لە سەر بابەتەکانی کۆلتووری بۆماوەیی، پێکهاتوو لە وەرزس و یاریە باوەکان
 
پیشنیاری ٢: کۆنفرانسی نێۆ نەتەوەیی لە سەر خەڵکە خۆجێیەکان
 
ئا- پیشنیار دەکەینە شۆرای مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕێکخستنی کونفرانسی دیکە لە دەرەوەی میکانیزمی شارەزایان و لە سەر بابەتی خەڵکە خۆجێیەکان و چەسپاندنی ئاکامەکانی لە نێۆ جارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
 
ب- هەر وەها پیشنیار دەکرێت بۆ گۆنجاندنی فورۆمی خەڵکە خۆجێیەکان و دانانی ڕاپۆرتێرێکی تایبەت بە خەڵکە خۆجێیەکان لە پەیوەندی لە گەڵ کاری کۆنفرانسی نێۆ نەتەوەیی دا.
 
پیشنیاری٣: بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ
 
ئا- پێشنیار دەکەینە شۆرای مافەکانی مرۆڤ بۆ گرتنە بەری ڕێگای پێویست بۆ دڵنیاکردنەوە لەوەی کە میکانیزمی شارەزایان بەشدار ئەکرێ لە پرۆژەکانی شۆرا لە مەڕ بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ.
 
ب- پیشنیار دەکەین کە شۆرای مافەکانی مرۆڤ داوا لە میکانیزمی شارەزایان بکات بۆ پێک هێنانی سمیناریکی شارەزایانی تەکنیکی بە هاوکاری گرووپی کاری مافەکانی مرۆڤ، لە سەر کارگە نیۆنەتەوەییەکان و کارگەکانی دیکە، و لە گەڵ بەشداری ڕێپۆرتێری تایبەت بە مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان بۆ داڕشتنی چوارچێوەی کار لە سەر بابەتی گەیشتنی خەڵکە خۆجێیەکان بە دادوەری و گۆڕانکاری لە چوارچێوەی ئەو چالاکیە بازرگانیانەدا کە بەر مافەکانیان دەکەون.
 
پیشنیاری ٤: جێ بەجێکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان
 
ئا- پیشنیار دەکەین کە شۆرای مافەکانی مرۆڤ بە پێداگریەوە داوا لە دەوڵەتەکان و خەڵکە خۆجێیەکان بکات بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرت لە سەر ئەو ڕێگایانە کە گیراونەتە بەر بۆ بە کار هێنانی ئەو مافانە کە لە جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان دا هاتوون، لە سێبەری بە دواداچوونی پرسیارنامەی ئامادەکراو لە لایەن میکانیزمی شارەزایانەوە.
میکانیزمی شارەزایان بە پێ ئەزموونەکان و زانیاریە وەرگیراوەکان لە ئەنجامی بە کار گرتنی پرسیارنامەی بنەما بۆداڕیژراودا چاوپێداخشانەوە بۆ ئەو پرسیارنامەیە دەکا لە ماوەی سێ ساڵدا.
 
ب- هەر وەها پیشنیار دەکرێت کە شۆرای مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەوڵەتان بکات بۆ پێک هێنانی میکانیزمێکی سرەبەخۆ بۆ چاودێری و پەرەپێدانی بە کار هێنانی مافە ڕاگەیندراوەکانی نێۆ جاڕنامەکە ، وێڕای بەشداریەکی تەواو و کاریگەری خەڵکە خۆجێیەکان و بۆ دڵنیاکردنەوە لەوەی کە ئەو میکانیزمە دامەزراون بۆ چاودێری بە کار هێنرانی داواکاریە داڕێژراوەکان لە لایەن ڕێکخراوە بەڵێن دەرەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ، شێوە کارە تایبەتەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ، خۆلی جیهانی دەبێ هاوکاریەکی نیزیکی هەبێ لە گەڵ ڕێکخراوە ناوچەیی و نیشتمانیەکانی مافەکانی مرۆڤدا.
 
د- میکانیزمی شارەزایان دیسانەوە پیسنیار ئەکاتەوە کە شۆرای مافەکانی مرۆڤ لێکدانەوە یەک بکات بۆ زمان و دەستە واژەکانی بە کار هاتوو لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندی لە گەڵ خەڵکە خۆجێیەکاندا بۆ سەلماندنی ئەوە کە دەستە واژە بە کار هاتووەکان ڕەنگدانەوەی دەستەواژەکانی نێۆ نێوەڕۆکی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە سەر مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان.
 
پێشنیاری ٥: بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە نێۆ خەڵکە خۆجێیەکاندا
 ئا- میکانیزمی شارەزایان پیشنیار دەکاتە شۆرای مافەکانی مرۆڤ کە سەرنجێکی تایبەت بداتە بەرگریکارانی مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان بۆ کار کردن لە سەر ئەو بابەتە، بە تایبەت بە پێداگری لە سەر کاری ڕێپۆرتێری تایبەت لە مەڕ بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و بڕیارنامەی ژمارە ١٨/٢٥ ی شۆرای مافەکانی مرۆڤ.

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
١٢/٠٧/٢٠١٤