پەیامی شەش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکییەوە

خوێندن بە زمانی دایکیی مافی بنەڕەتیی هەموو مرۆڤێکە!

فرەچەشنیی زمانەوانی توخمێکی بنەڕەتیی ناسنامەی کولتووری و میراتی مەعنەویی مرۆڤایەتییە. بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتان و بە ئێرانیشەوە ئەم فرەچەشنییە لە ژێر هەڕەشەدایە و زۆر جار مافە بنەڕەتییەکانی کەمینەکان و یەک لەوان مافی گەلی کورد پشتگوێ دەخرێن.

بەپێی زانیارییە دڵهەژێنەکان، نزیکەی نیوەی زمانە زیندوەکانی جیهان لە مەترسیی لەناوچووندان، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی زانیاری و نەریت و ڕوانگە ناوازەکان کە لە قەرەبووکردنەوە نایەن.

ئێمە پابەند و پشتیوانی داوا بنەماییەکانی مرۆڤین و پێمان وایە هەموو تاک، گەل و نەتەوەیەک مافی فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکیی هەیە؛ بۆیە لێرەدا ڕوومان لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد و نەتەوە و گرووپە ئێتنیکییەکانی دیکەی ئێرانە کە دەبێ چالاکانە داوای مافە زمانەوانییەکانی خۆیان وەکوو یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بکەن. پەروەردە بە زمانی دایک تەنیا مافێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکوو پەرە بە دەرەنجامی فێربوونی کاریگەرتر دەدات، باوەڕبەخۆبوون دروست دەکات و بەشداری دەکات لە پاراستنی کولتوور و میراتی مرۆڤایەتی.

ئێمە بانگ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە پشتیوانی کورد وهەموو گرووپە نەتەوەیی وئێتنیکیەکانی دیکەی ئێران بکەن لە تێکۆشانیان بۆ دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکیی. زۆر گرنگە کە فرەچەشنیی زمانەوانی وەک توخمێکی جەوهەریی دەوڵەمەندی کولتووریی ئێران و هەموو جیهان بناسرێت و ڕێزی لێ بگیردرێت.

داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کە بە پێی پرەنسیپەکانی دەستوور وپابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی ئێران سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و فرەچەشنیی فەرهەنگی، بەتەواوی ڕێز لە مافە زمانییەکانی هەموو نەتەوەکان بگرن.

لەم ڕۆژە جیهانییەی زمانی دایکیدا، پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرەوپێشبردن وپاراستنی فرەچەشنیی زمانەوانی و مافە زمانەوانییەکانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهان و لەوانەش کورد لە ئێراندا دووپات دەکەینەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێکەوە کارکردن بۆ دروستکردنی جیهانێک کە هەموو زمانێک بەهای هەبێت و هەر تاکێک دەرفەتی گەشەکردنی لە زمان و کولتووری خۆیدا هەبێت.

٢١ی فێڤرییەی ٢٠٢٤

ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

ڕێکخراوی جیهانی کورد

کوردستان تریبۆناڵ