بەشداری ناوەندی زاگرۆس لە کۆبوونەوەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری کاری میکانیزمی شارەزایانی مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان!

کۆبوونەوەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری کاری میکانیزمی شارەزایانی مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان، لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی مانگی ئاڤرێل (نیسانی)ی ٢٠١٦ بە بەشداری نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە شارەزاکان و نوێنەرانی خەڵکە خۆجێیەکانی سەرانسەری دونیا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ پێک هێنرا. کۆبوونەوەکە کە دوو ڕۆژی خایاند تەرخان کرابوو بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری کاری میکانیزمی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکان سەرانسەری دونیا. میکانیزمی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هاتووە لە نوێنەرانی وڵاتان، ڕێکخراوە جیهانیەکان و نۆێنەرانی خەڵکە خۆجێیەکانی سەرانسەری دونیا و بۆ دەست نیشانکردن و پاراستنی مافەکانی خۆڵکە خۆجێیەکانی دونیا دامەزراوە و ساڵێ جارێک کۆ دەبنەوە. ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ وەکو ڕێکخراوێکی چالاک لەو بۆارەدا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ کۆبوونەوەکە بانگ کرا. دەستەی نۆێنەرایەتی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کۆبوونەوەکان بوو و ڕۆڵی خۆی وەکو ڕێکخراوێکی خاوەن ئەزموون لەو بارەوە بە جێ گەیاند و بەشداری باسەکانی کۆبوونەوەکە بوو. لە کۆتایی کۆبوونەوە دوو ڕۆژیەکە دا بڕیار درا کە میکانیزمەکە چالاک تر بکرێت و لەم سەردەمە دا کە بەشێک لە کێشە جیهانیەکان بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی مافەکانی خەڵکە خۆجێیەکانەوەیە، ڕۆڵێکی کاراتر بدرێتە ئەو میکانیزمە.

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ

٠٧/٠٤/٢٠١٦