بەشداری ناوەندی زاگرۆس لە کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کێشەی کەمایەتیەکان!

 

لە سەر داوەتی شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستەی نۆێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس بەشداری کۆڕبەندی جیهانی بۆ کێشەی کەمە نەتەوەییەکان بوو.
ئەو کۆڕبەندە ساڵیانەیە بە بەشداری نوێنەرانی ٤٧ وڵاتی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ و بە سەدان ڕێکخراوی نێۆنەتەوەیی و ناوچەیی و ناسیۆناڵ، لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ دا کۆ دەبێتەوە. لەو کۆڕبەندەدا چەند ڕێکخراوی کوردستانیش بەشدار بوون و بەیاننامەیان خوێندەوە. نۆێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان توانی لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا دوو بەیاننامە لە سەر بارو دۆخی مافەکانی کەمایەتیەکان لە تورکیە و ئێران بخوێننەوە. لە بەیاننامەکەدا باڵ کێشراوەتە سەر بارو دۆخی کوردان لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و ئێران دا.

لە بەیاننامەکە دا هەر وەها ئاماژە بە بەردەوام بوونی زیندانی بوونی بەڕێز محەمەد سدیقی کەبوودوەند سەرۆک و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کراوە و لەو بارەوە حکوومەتی ئێران سەر کۆنە کراوە. لە کۆتایی هەر دوو بەیاننامەکەشدا داوا لە هەر دوو حکوومەت کراوە کە دان بە مافەکانی کوردان دا بنێن و کۆتایی بە توند و تیژی دژ بەو گەلە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی سەر بەو کەمینەیە بێنن. هەر وەها لە ماوەی کۆڕبەندەکەدا نۆێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس توانیان لە گەڵ نوێنەرایەتی چەندین وڵات و ڕێکخراوی نێۆ دەوڵەتی لە سەر بابەتی پێشێلکاریەکان ئاڵ و گۆڕی زانیاری و بیر و ڕا بکەن.

پێویستە بگوترێت کە کۆڕبەندی ساڵیانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کێشەکانی پەیوەندیدار بە کەمایەتیەکان لە سەڕ بڕیارێکی شۆرای مەفەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٠٧ دا پێک هێنراوە و لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەر ساڵ لە مانگی نۆڤەمبەر دا کۆ دەبێتەوە. لە کۆتایی کۆڕبەندە دوو ڕۆژانەکەدا ڕاپۆرتێک لە لایەن دەستەی بەرپرسایەتیەوە ئامادە دەکرێت و دەدريتەوە بە شۆرای مافەکانی مرۆڤ تا بڕیاری پێویستی لە سەر بدرێت و ڕێگا و شوێنی پێویست بگیردرێنە پێش بۆ چارەسەری کێشەکان.

دەقی وەڕگێردراوی هەر دوو بەیاننامەکەی ناوەندی زاگرۆس:

 بەیاننامەی ناوەندی زاگرۆس سەبارەت بە بارو دۆخی كه‌مایه‌تیه‌كان له‌ توركیه، بۆ خۆلی هەشتەمی کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر کيشەکانی تایبەت بە کەمایەتیەکان، ڕۆژی ٢٤ی نوڤەمبەری ٢٠١٥- بۆ ئایتمی ٣

جەنابی سەرۆک,

به‌ ناوی ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌، سه‌رنجتان ڕاده‌كێشین كه‌، دوای پێشكه‌وتنه‌ ئه‌رێنیه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ توركیه‌، پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی له‌ مانگی ژوییه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه. هه‌تا ئێستاش، توركیه‌ ئاماده‌ نیه‌ كه‌ هه‌بوونی نیزیك به‌ ١٥ میلیۆن كورد و مافه‌كانیان له‌و وڵاته‌ به‌ فه‌رمی بناسێت، و به‌ كار هێنانی ناوی كوردستان بۆ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، و ناوی هه‌ریمی باشووری رۆژئاوای ئاناتۆلی بۆ به‌ كار دێنێت.
به‌ دوای سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی توند و تیژیه‌كان له‌ ڕۆژئاوا و باشووی ڕۆژئاوای توركیه‌ دا، ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامانی هێزه‌ نیزامیه‌كان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. هێندێك ڕاپۆرت سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكاریەکانی مافه‌كانی مرۆڤ بڵاۆكراونه‌ته‌وه‌. زیاتر له‌ ٢٠ كه‌س له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ ماوه‌ی٩ ڕۆژی حكوومه‌تی نیزامی له‌ شاری جه‌زیره‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.
له‌ ماوه‌ی نێوان جوولای و سیپتامبه‌ر دا ده‌یان شارۆمه‌ند كوژراون كه‌ له‌ نێوانیان دا ٢٠ منداڵ هه‌بووه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مه‌زلوومده‌ر سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتو چوو له‌ شاری سیلڤان له‌ باشووری ڕۆژئاوا‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی ١٢ ڕۆژ درێژه‌ی هه‌بوو، خه‌ڵكی مه‌ده‌نی دراونه‌ته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی چه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان. به‌ پێ هه‌مان ڕاپۆرت، هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ یاسا لایان داوه‌ و له‌ ماوه‌ی حكوومه‌تی نیزامی دا مافی ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیان پێشێل كردوه.

ساڵی ٢٠١٥ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی توند و تیژیه‌كانی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ پێشی به‌ به‌رده‌وام بوونی پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی گرتوه‌. پێویسته‌ پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی له‌ گه‌ڵ كورده‌كان كه ماوه‌یه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌،‌ وه‌كو ته‌نیا ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ری توند و تیژیه‌كان ده‌ست پێ بكاته‌وه. هه‌روه‌ها حكوومه‌تی نۆێ ده‌بێ گرینگی به‌ پرۆسه‌ی دیمۆكراتیزاسیۆن و ئاشته‌وایی بدات.

له‌ كوتایی دا، ڕێكخراوه‌كه‌مان «ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ»، داوا له‌ حكوومه‌تی توركیه‌ ده‌كات كه‌: –

  • كۆتایی به‌ گه‌مارۆی چه‌سپێندراو به‌ سه‌ر شار و گونده‌كانی هه‌ریمی كوردستانی توركیه‌ دا بێنێت،

  • كومیته‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕاستیه‌كان پێك بهێنرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستیان له‌ توند و تیژیه‌كاندا هه‌بووه‌ بدرێنه‌ دادگا،

  • گیراوانی سیاسی و مه‌ده‌نی سه‌ربه‌ست بكرێن،

  • پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، –

  • مافی كه‌مایه‌تیه‌كانی وڵات له‌ یاسای بنچینه‌یی دا بچه‌سپێنرێت و ڕێز له‌ ڕێكه‌وتن و‌ په‌یمانه‌ نێۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بگرێت.

له‌ گه‌ڵ ڕێزماندا ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

 ٢٤/١١/٢٠١٥

——————————————————

بەیاننامەی ناوەندی زاگرۆس سەبارەت بە بارو دۆخی کەمایەتیەکان لە ئێراندا، بۆ خۆلی هەشتەمی کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر کيشەکانی تایبەت بە کەمایەتیەکان، ڕۆژی ٢٥ی نوڤەمبەری ٢٠١٥- بۆ ئایتمی ٥

سوپاس جەنابی سەرۆک,

بە ناوی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤەوە سەرنجی بەشداربووان بۆ لای بارو دۆخی کەمایەتیەکان (کورد، عەرەب، بەلووچ، ئازەری و تورکمەن) لە ئێراندا ڕادەکيشم. ئێمە ئاگادارتان دەکەینەوە کە گوشارەکان بۆ سەر کەمایەتیە ئیتنیکی و گرووپە نەتەوەییەکان لە ئێراندا لە ڕادەیەکی مەترسیدار دایە. بە سەدان زیندانی سیاسی و چالاکی مەدەنی سەر بە کەمایەتیەکان، هەر ئێستا لە گرتووخانەکان دان یان سزای لە سێدارەدرانیان بە سەر دا سەپێنراوە.

بە پێ دوایین ژمارەکان، ٤٠٪ لە زیندانیان لە زیندانەکانی ئێراندا کوردن. ئەویش لە کاتێکدا کە کوردەکان تەنیا ١٥٪ حەشیمەتی ئێران پێک دێنن و تاوانی ئەندامەتی گرووپە کوردە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان دروستکردنی مەترسی بۆ ئەمنیەتی نەتەوەیی و پرۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دراوەتە پاڵ.

جەنابی سەرۆک،

 لە ئێراندا گۆشارەکان بۆ سەر چالاکانی بۆاری مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی کە لە سەر کيشەکانی تایبەت بە کەمایەتیەکان چالاکی دەنوێنن بەردەوامە.

موحەمەد سدیق کەبودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران هێشتا لە زینداندایە. ناوبراو بە هۆی چالاکی ڕۆژنامەوانی و کار لە بۆاری مافەکانی مرۆڤ و بە کارهێنانی ئاشتیانەی مافی دەرپڕینی بیر و ڕا گیراوە و سزای ١١ ساڵ زیندانی بە سەر دا دراوە.

بە پێچەوانەی مادەی ١٥ لە دەستوری بنچینەیی ئێران بۆ بە کار هێنانی زمان و ئەلف و بێ‌ی کەمایەتیە زمانەوانیەکان لە خوێندن و دەزگای ڕاگەیاندن دا لە پاڵ زمانی فارسی، هەتاکو ئێستا ئەوە جێ بە جێ نەکراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو مادەیەی جێ بە جێ نەکردوە.

ئێمە داوا لەو کۆڕبەندە دەکەین کە زەخت بخەنە سەر حکوومەتی ئێران بۆ ڕاگرتنی گۆشار و ئازار دان و پشت گوێ خستنی کوردەکان و کەمایەتیەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

هەروەها داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەین کە توند و تیژی دژ بە چالاکانی کۆمەڵایەتی و بەرگریکارانی مەفەکانی کەمایەتیەکان ڕاگرێت.

هەروەها داوایان لێ دەکەین کە مادەکانی ١٥ و ١٩ی دەستوور بخەنە بۆاری جێ بە جێ بوونەوە.

لە گەڵ ڕێزماندا ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ

٢٥/١١/٢٠١٥

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ