بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان!

بە مەبەستی مە‌حکووم کردنی داگیرکاری و توند و تیژی دژ بە هاوڵاتیانی هەریمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوا بە دوای هێرشکان بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ڕووی داوە، لە سەر بانگەوازی سێ ڕێکخراوی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەک لە کوردستانیانی دانیشتووی شاری ژنێڤ و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، خۆپیشاندانێکیان لە بەر دەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ ڕێک خست.
لە خۆپیشاندەکەدا چەندین بەیاننامە دژ بە توند و تیژییەکان خوێندرانەوە و داوا لە هەر دوو ‌کوومەتی کوردستان و عێراق کرا کە دەس بە جێ بکەونە دیالۆگەوە و هەوڵی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە بدەنەوە. هەر وەها داوا لە ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێۆ نەتەوەیی کرا ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی توند و تیژییەکان و چوونە دەرەوەی میلیشیاکانی سەر بە ‌حکوومەتی ئێران جێبەجێ کەن.
هەر لەو پەیوەندیەشدا نامەیەک بە واژۆی خۆپیشاندەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا و داواکاری خۆیانیان پێ ڕاگەیاندن.
دەقی بەیاننامە خۆپیشاندەران:
بەیاننامەی خۆپیشاندەران
دوا بە دوای هێرشی هێزە عێراقییەکان و ملیشیای حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، بۆ سەر هەریمی کوردستان، لە نیوە شەوی یەکشەممە ١٥ی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٧دا، کوردستان و ناوچەکە بە جۆرێک تووشی ناسەقامگرتووی بووە، بە شێوەیەک کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاشتی و تەبایی لە ناوچە کوردستانیەکان خستووەتە مەترسیەوە.
گرینگە بزانرێ کە کوردستان پێشوازی لە یەک میلیۆن و نیۆ پەنابەری شەڕی دژ بە داعشی کردوە و دەیکات.
لە ڕابردوودا، پێشمەرگە، هێزی پارێزەری کوردستان، شەڕیکی قارەمانانەیان دژ بە داعش ئەنجام داوە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکە و بەرگری کردن لە بایەخە مرۆییە پێشکەوتنخوازانەکانی دونیای دەرەوە.
ئەو هەواڵانە کە لە کوردستانەوە پێمان دەگات زۆر جێگای نیگەرانی و دڵهەژێنن. دوا بە دوای هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، بە دەیان هەزار کورد، تورکمەن و عەرەبی سوننە، شاری کەرکووک و ناوچەکانی دەورو بەریان بە جێ هێشت. حکوومەتی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٨ دا کوردەکانی لە شاری حەلەبچە کیمیاباران کرد. لە نەوەدەکان دا دەسەڵاتی ناوەندی بە هەزاران کوردی کۆمەڵکۆژ کرد و لە ماڵ و ‌دیاری خۆیان وەدەری نان.
ئەۆڕۆکە، لە ژێر بێدەنگییەکی ناڕەوای هێزە هاوپەیمانەکان و کۆمەڵگەی نێۆنەتەوەیی دا، ئەزموونی دیمۆکراسی کوردستان و دانیشتوانی ناوچەکە؛ کورد، تورکمەن، عەرەبی سوننە و کەمایەتییەکانی دیکە کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەوە. 
ئێمە بیری گشتی کۆمەڵگای نێۆ نەتەوەیی و هێزە هاوپەیمانەکان لە ئەگەری کارەساتێکی مرۆیی ئاگادار دەکەینەوە. ئێمە، ئەو خۆپیشاندەرانە کە لەم شوێنە کۆ بووینەتەوە، نیگەرانی خۆمان لە بەرامبەر ئەو بارو دۆخە دەردەبڕین.
دەستێوەردانی میلیشیاکانی سەر بە تاران و بەغداد بۆ گۆڕینی بارستای هێز لەو هەریمە بە واتای کارەساتێکی گەورەیە بۆ گەلی هەریمەکە. هەروەها مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەمنیەت و پڕۆسەی دیمۆکراتیزاسیۆن. ئاشکرایە کە لەم ‌حەوتووانەی دوایی دا، هێزە هاوپەیمانەکان و کۆمەڵگای نێۆ نەتەوەیی ڕۆڵی خۆیان بۆ دەستەبەر کردنی دیالۆگ و ئاشتەوایی بۆ گەلی هەریمەکە بە جێ نە هێناوە.
ئێمە لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ مە‌حکووم کردنی توند و تیژییەکانی میلیشیای شێعە و هێزە حکوومەتییەکان و دەست تێوەردانەکانی ئێران لە کارو باری هەریمەکەدا، هەروەها کۆبووینەتەوە بۆ پرۆتێستۆ کردنی بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی یەکیتی ئۆروپی و هێزە هاوپەیمانەکان.
ئێمە داواکارین :
• دەست تێوەردان بکرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە کە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکان و میلیشیای سەر بە ئێران،
• دەست بە جێ، دەست تێوەردان بکرێ بۆ دانانی سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەنجامی دیالۆگ لە نێوان دەسەڵاتەکانی کوردستان و بەغداد بە مەبەستی دابین کردنی ئاشتی بۆ ناوچەکە،
• پشتگری ‌حکوومەتی کوردستان بکرێ بۆ گەڕاندنەوە ئارامی بۆ هەریم و بۆ پاراستنی کەمایەتییەکان.
• ڕێز لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی هاوڵاتیانی هەریمەکە بگیردرێت.
لە گەڵ ڕێزماندا
خۆپیشاندەرانی بەر دەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان
٢٤ ئۆکتۆبری ٢٠١٧