بەیاننامەی ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەڕ مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد لە عێراق دا

جەنابی سەرۆک،
من دەمهەوێ سەرنجی ئێوە بۆ لای مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان لە عێراق ڕابکێشم.
دوێنێ کوردەکان لە عێراق، لە ڕێگای گشتپرسییەکەوە، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان داوە. ئەو بڕیارە ئاکامی دەیانساڵ گۆشار و پێشێلکارییەکانی ‌حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە.
کوردەکان دەیان ساڵ شەڕ و جینۆساید و هەر وەها سزای ئابوورییان بە سەر دا سەپێندراوە. لە کاتی شەڕی داعشدا، ئەرتەشی عێراق لە بەرامبەر هێرشێکی ئەو گرووپەدا هەڵهاتن و ناوچە کوردستانییەکانیان بە بێ پاراستن هێشتەوە. هەر وەها ‌حکوومەتی ناوەندیی بەغدا، بەشە بوودجەی کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بڕیوە.
سەرەڕای بڕانی بوودجە، هەریم پێشوازی زیاتر لە ١،٤٠٠،٠٠٠ پەنابەر و هەڵاتووی عێراقی و سوری، بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینەکانیشەوە، کردوە. درێژەی ئەو بارودۆخە، لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەریمی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراقی بەرەو بڕیارێکی مێژوویی برد و ئەوان پێداگرییان لە سەر ویستی خۆیان بۆ ئەنجامی گشتپرسییەک لە سەر سەربەخۆیی کوردستان کرد.
ئەوڕۆ کوردەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە و بە پێ مافە نێۆنەتەوەییەکان، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک پڕیارنامەی پەسند کراوی ئۆرگانە جۆربە جۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، بە دوای مافەکانیان دا دەگەڕێن.
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەیانتوانی کوردەکان لە نێۆ سیستمی سیاسی عێراقدا بگۆنجێنن. ئێستا کە کوردەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە داواکانی خۆیان دەردەبڕن، لە لایەن هێندێک وڵاتی دراوسێیەوە کە خۆیان بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ناسراون، هەڕەشەیان لێ دەکرێ.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوەکەمان بانگ لە هەموو وڵاتانی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێۆنەتەوەیی دەکا کە پشتگری مافە یاساییەکان و مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد لە عێراق بکەن.
سوپاستان دەکەم