ڕاگه‌یندراو؛ کوتایی کونفرانسی ساڵانه‌ی ناوه‌ندی زاگرۆس

سێهه‌مین کونفرانسی ساڵیانه‌ی ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ و دیمۆکراسی به به‌شداری ئه‌ندامان و دۆستانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه له ڕێکه‌وتی ٢٩/١٢/٢٠١٢ دا، له شاری ژنێڤ به‌ڕێوه چوو.

نێوه‌ڕۆکی کونفرانسه‌که باس و بابه‌تی جۆراو جۆری له‌خۆ گرتبوو که به وردی ڕاگۆڕینه‌وه‌یان له سه‌ر کراو و ده‌نگی پێویستیان له سه‌ر وه‌رگیرا. به پێی داوای زۆرینه‌ی به‌شداربووان ناوی ڕێکخراوه‌که له “ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ و دیمۆکراسی” یه‌وه گۆڕدرا بۆ “ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ”.

هه‌روه‌ها له کونفراسه‌که‌دا به‌رنامه و پێڕه‌وی نێۆخۆی ڕێکخراوه‌که هێندێک ئاڵ و گۆڕی به خۆوه بینی که به‌شێکیان بۆ کردنه‌وه‌ی ڕێگا بوون له به‌رده‌م په‌ره پێدانی کاری ناوه‌ندی زاگرۆس له ئاستی جیهانی و کوردستاندا. له به‌شێکی دیکه‌ی کونفرانسه‌که‌دا به‌رنامه بۆ به‌ستنی هێندێک کونفرانس و کۆبوونه‌وه له ئاستی یۆئێن و وڵاتانی ئۆرووپاییدا دانرا و کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاسپێردرا بۆ جێ به جێ کردنیان له ماوه‌ی ئیمساڵدا.

له دوایین به‌شی کونفرانسه‌که‌دا هه‌‌ڵبژاردنی دوو ئه‌ندامی ئۆرگانی چاودێری داهاته‌کان و پێنج ئه‌ندامانی کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که کاره‌کانی ناوه‌ندی زاگرۆس تا کونفراسی ساڵانه‌ی داهاتوو ڕاده‌په‌ڕێنن به‌ڕیوه چوو و به‌ڕێز کاک دوکتور گۆڵمۆراد مۆرادی وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌و ڕێکخراوه هه‌ڵبژێردا. پێویسته بگۆترێ که به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی نێۆخۆیی ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ و به‌ڵگه‌نامه‌کانی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا له سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڕه‌سمی ڕێکخراوه‌که داده‌نرێن.

کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی زاگرۆس

٠٨/٠١/٢٠١٣